{مروەت} Poem by Soran M. H

{مروەت}

{مروەت}
............
چەند بۆنخۆشە مێخەک!
بەڵام لەیەك کاتا
هەر لەسەر رووبەرێ
دەتوانێ بژێ
لە هەر جێش بوونی بێ
بۆنی ژین خۆش دەکا..
*
کاتێكیش کیمیای بوون
هاوتای ریتمی
تەنە سوڕاوەکانی خولگە بوو
'خۆشنوودی' بە چەشنی
نمایشکاری سێرك
ئارایشتی رووخسار دەکا
بگرە زۆریش زیاتر
سەراپا وجودت داگیر دەکا.
ئەم جازبییەتی هارمۆنییە
وەك رێژەی بیستودوو لەسەر حەوت
بەرگەی هیچ لادانێ ناگرێ
ئەگینا زوو هەڵدێ
*
ئەوە منداڵیتە
بە بیجامەیەکی خەتخەتەوە
لەسەرچوچی گەڕەکێکی چۆڵدا
تەوقە لەگەڵ پیریی دەکا
داخۆ یەکدی دەناسنەوە؟
*
لەسەر بەرگی
دەفتەری بیرکاری بنووسە
شەرت بێ ئیدی
بەکازیوە تیژتێپەڕەکانی بەیان
فریو نەخۆم
بیرتە
ئێوارەیەکی ناوەخت
بە تیلەی چاو تەماشای
چرچ و لۆچی رووی
زەردباوی خۆرت کرد
لە ترسان
بە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی شەودا
بەرەو وێستگەی سپێدەیەکی کۆن
بێ ئاوڕدانەوە
پەشۆکاو خلۆر بوویتەوە!
*
چ مێرغوزارێکی رەنگاڵەیە
ئەم بەهارە درۆزنە
وەك راگوزەرێکی تیژڕەو
بە تەماشاکردنیش ڕاناگەی
شەمەندەفەری رۆژگار هەر دەڕواو
بەجێت دێڵێ
چ جای چاوەڕوانیی
هەڵاڵەی گوڵێكی وەریو کەی
ڕێ هەڵەکاو
لەسەر سینەت چرۆ بکا!
*
چ سکرینێکی هەستەوەرە چاو ؟
ئەو هەموو میکرۆبە
ئەو هەموو تارمایی و
ئەو هەموو جەردەیەی کە پێدا تێپەڕێ!
گشت پێكڕا هروژمیان
بۆ کورسی ناو کۆشکی داخراوی ئاوەزە
هەندێکیان خاپوورکەر
هەندێکیش تاڵانچی
ئەوانی تریش
کرمێکی مەسخکەر
ئیتر بۆچ سەرهەڵبرین؟
دیقەتدان لە توخنی ناقۆڵاو
بەرەواژی مۆدێرن!
***

COMMENTS OF THE POEM
READ THIS POEM IN OTHER LANGUAGES
Close
Error Success