نازانین مرۆڤ چی لە زانست دەوێت!
خۆی پێ دەگۆڕرێت، یان وەکوو خۆی دەیگونجێنێت؟
دەچێتەوە نێو گەردوون و
دەیەوێت بێژێت لۆ خۆم نەمایمە،
بە حەیرانی ژیان، ڕێ دەکەمەوە،
تا بڵێت دەگەڵ گەردووندا دەتەقمەوە.
وەی بە میوانی زانست بم!
هەی بە قوربانی هونەر و توانایی بم!
بۆ خۆم نا، تا لە تەقینەوە ورد ببمەوە.
چاو خشێنرا بە ئەزەلدا، لە دیارەوە بۆ نادیار،
لە تەقینەوەی گەردوونەوە تا هەڵاوسان.
گوێیان لە لەرینەوە نهگرت،
ئاخۆ لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە!
لە گەردیلەیان نەڕوانی چۆن درووست بووە،
تا خۆیان بوونە گەرد و بە نێو گەردووندا بڵاو بوونەوە.
وای لە من! گەردیلە لەدوای گەردیلە ئێژێ
پێکهاتەی تاریکی وەهایە،
لە جووتبوونی نێر و مێیەوە
ڕووناهیی لێ پەیدا دەبێت؛
وەختێک تێکەڵ دەبن، تیشکێک دێتە دەرێ،
گەردوون درەوشانەوەی لێ پەیدا دەبێت.
گەر له گەردتان قووڵ ببنەوە،
پێ دەنێنە سەردەمی تاریکییەوە.
بە کێ بڵێم کوا ئەستێرە؟
ئەی گەلەئهستێرە چۆن دەدرەوشێتەوە؟
گەلەئەستێره پەرە دەستێنێ،
تا هێشووەکانی ئاسمان درووست بن،
کەچی مرۆڤ هەموو هێشووەکان دەڕنێ،
تا شەڕابی لێ درووست بکات و سەرخۆش ببێ.
ئاخر لە تەقینەوەی گەورەدا
هەموو گەردوون بە بونیاد دێ،
لە هی بچووکیشدا مرۆڤ،
کەچی دەیهەوێ دە خۆیدا گەردوون بزێ.
پێشەوا کاکەیی / Peshawa kakayi
٢٢ی تشینی دووەمی ٢٠١٨
تاران
This poem has not been translated into any other language yet.
I would like to translate this poem